ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە، ئەگەر گرفت نەیەتە پێش ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەبێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "کارکردن لەپڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە و کارەکانیش باش بەرێوەدەچن، ئێستا ڕێژەی ٣١%ی ئەنجام دراوە و بۆ ١١کم بۆڕی دابینکراوە، کارە مەدەنییەکانی وەکو حەوزەکان و بەشەکانی دیکە بەڕێژەی ٧٥%ی تەواو بووە، سەرەڕای ئەوەی دۆخی دارایی باش نییە، بەڵام کارەکان باش بەڕێوە دەچن، گەر کێشەی دارایی نەبێت ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنی داوە."
ئاری ئەحمەد گوتیشی "زۆرینەی کەلوپەلە کارەبایی و میکانیکییەکان گرێبەستیان بۆ کراوە و بەردەوام دابین دەکرێن، چونکە بودجەکەی زۆرە، ١١٤ملیار دینارە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جدییە لە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە و خستنە خزمەت ھاووڵاتییان، کە بەتەواوبوونی کێشەی ئاو لە چەمچەماڵ، تەکیە، ڕزگاری و ناوچەکە بەگشتی چارەسەر دەبێت، چونکە پڕۆژەکە نزیکەی ٣ھەزار و ٤٠٠مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێک دابیندەکات و ٢٥٠ ھەزار ھاووڵاتیش سوودی لێ وەردەگرن."
بڵند ئیبراھیم