خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، ھەموو لایەنە کوردییەکان یەک ھەڵوێستن و بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو زوڵمەی دژی خانەقین ھەیە ڕادەگیرێت."
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەمڕۆ لایەنە کوردییەکانی خانەقین لە شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و یەک ھەڵوێست بوون، بۆیە ڕاپۆرتێک دەدرێتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ھەڵمەتێکی باش بکرێت و بچن بۆ بەغداش دەستوور پێشێل نەکرێت و خانەقین پارچەپارچە نەکرێت و ئەو بڕیارەی خزمەت بە دیموکراسیەت ناکات ھەڵبوەشێتەوە."
ئەکبەر حەیدەر گوتیشی "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئیجابی بوو و بڕیارە حکوومەت وەکو دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکان بۆ بەغدا بەو کارە ھەڵبستێ، ئێمە وەکو لایەنە کوردیەکان داوامان کرد بچن بۆ بەغدا و نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا کۆدەنگی دروست بکەن و ئیمزا کۆبکەنەوە و لە دادگای فیدراڵی و دادگای ئیداری سکاڵا تۆمار بکرێت.
بەردەوام دەبین تاوەکو مافی خانەقین دەگەڕێتەوە و ئەو زوڵمەی لە خانەقین دەکرێت ڕادەگیرێت و بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپە و جەلەولا ھەڵدەوەشێتەوە."
بڵند ئیبراھیم