Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەمەودوا ئاڵای کوردستان لە مۆندیال و پاڵەوانێتییە جیهانییەکان دەشەکێتەوە

ھەولێر-KDP.info- کوردستان دەبێتە ئەندامی فیدراسیۆنێکی تۆپی پێی جیهانی و لەمەودوا بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان رایگەیاندووە، کوردستان بووە ئەندامی فەرمی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتی و لەمەودوا کوردستان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان لەژێر ئاڵای کوردستان بەشداریی جام و پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی بچووککراوە دەکات.

دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، بە چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جامی جیهانی تۆپی پێی بچووکراوەی ئافرەتان لە هەولێر بەڕێوەچوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی جیهان داواکاری کوردستانی بۆ بوونە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە قبووڵ کرد و لەمەودوا کوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردەی وڵاتانی جیهان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکان دەکات.

رۆژی 22ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، یاریی کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووککراوەی خانمان لە هەولێر بەڕێوەچوو، خانمانی میسر بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە خانمانی بەڕازیلییان بردەوە.