Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مامۆستا باویانی بۆ KDP: ئەوەی نیشتمانەکەی خۆشبوێت پەیڕەوی لە سوننەتی پێغەمبەر دەکات

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر جەخت دەکاتەوە کە خۆشەویستیی خاک و نیشتمان بەشێکی دانەبڕاوە لە بیروباوەڕی ئیسلامی و ڕایدەگەیەنێت، کوردانی موسڵمان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی نیشتمانپەروەریدا بوون.

مامۆستا مەلا یوونس باویانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "خۆشەویستیی نیشتمان شتێکی فیتڕییە و قورئان و سوننەت داکۆکیی لێ دەکەن. ژیاننامەی پێغەمبەر (د.خ) پڕە لە نموونەی سۆز و خۆشەویستی بۆ مەککە کە زێدی باب و باپیری بووە."

مامۆستا باویانی ئاماژەی بەوە کرد کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا مژدەی گەڕانەوەی بۆ مەککە داوەتە پێغەمبەر (د.خ)، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پیرۆزیی پەیوەندیی مرۆڤ بە زێدی خۆیەوە. ئەو گوتیشی، "ئەوەی نیشتمانەکەی خۆش بوێت، لەسەر فیتڕەتێکی ساغە و پەیڕەوی لە سوننەتی پێغەمبەر دەکات. ئاوەدانکردنەوەی زەوی گەورەترین پەیامی مرۆڤایەتییە لە دوای خواپەرستی."

ئەو مامۆستا ئایینییە جەختی لەوەش کردەوە، کە هەر مرۆڤێک هەست و سۆزی بۆ ئەو زەوییە نەبێت کە تێیدا لەدایک بووە، لە سروشتی ساغی مرۆڤایەتی لایداوە. گوتیشی، "دڵنیام هەموو موسڵمانێکی سەرڕاست و کوردێکی ڕەسەن، دڵسۆز و بەپەرۆشن بۆ خاکەکەیان و هەرگیز ناپاکی لە نیشتمانەکەیان ناکەن."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە وێڕای هەموو چەوسانەوەیەک، میللەتی کورد بەهۆی ئەو ئینتیما بەرزەی بۆ خاک و نیشتمان هەیبووە، وەک مارشی "هەر ماوە قەومی کوردزمان" بە زیندوویی ماوەتەوە.

 

قائید میرۆ