فازڵ میرانی
ناکرێت دیاردەی یەکتر شکاندن لە ڕێگەی لێدوانەکانەوە لە لایەن ئەو کەسانەی خۆیان بە بەشێک لە جوڵانەوە سیاسییەکان دادەنێن بەردەوام بێت، چونکە ئەمە وێنەیەکی تاریکی لای جەماوەر دروست کردووە دەربارەی ئەو ناوانەی کە وا بڕیارە سەرکردەبن (لانیکەم لەناو پێکهاتەکانی خۆیاندا). زۆرجاریش ئەم لێدوانانە دەبنە ڕێگر لەبەردەم ڕێزگرتن و هەڵسەنگاندنی ئەرێنی، تەنانەت هەندێک جار بێڕێزییان پێوە دیارە.
زۆربەمان چاودێری کایەی میدیایی و ئەو بڵاوبوونەوە بێسەروبەرەی قسانە دەکەین کە کاتێکی زۆری لە زانیاریی (ڕاست، هەڵە و تەنانەت نهێنیش) داگیر کردووە. ئەم شێوازی کارکردنە، ڕەنگە لە ئەنجامی ڕاسپاردەی زارەکیی ئەو لایەنانەوە بێت کە نایانەوێت خۆیان ڕاشکاوانە لێدوان بدەن و زانیارییەکان دەخەنە سەر زاری کەسانی تر، ئەمەش زیاتر ژینگەی سیاسی ئاڵۆز دەکات کە خۆی لە بنەڕەتدا بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەکان لە نێوان ئەوانەی بە ماڵە سیاسییەکانی عێراق (بڕیاربەدەستەکان) ناسراون، شێواوە.
ئەم تەپوتۆزە زارەکییە هیچ سوودێکی نییە و هیچ خێرێکی لێ چاوەڕوان ناکرێت، چونکە دۆسیە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵات، ئاڵۆزییەکانی قۆناغی دوای ٢٠٠٣ی بۆ زیاد بووە لەسەر پاشماوەی ئاڵۆزییەکانی پێش ٢٠٠٣. وادیارە ئەو دەرفەتە زۆرانەی دوای ٢٠٠٣ ڕەخسان، بەداخەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی بەکارنەهێنران، بەڵکو زۆربەیان تەنها بۆ بەرژەوەندیی کەسی بوون، کە بەشێکیان ئاشکرا بوون و بەشەکەی تریشیان بەبێ ڕاگەیاندنیش هەر دیار و ئاشکران.
بەڵام لەو تەپوتۆزەی قەیرانی دوایی مەترسیدارتر (کە کاتە دیاریکراوەکانی تێپەڕاند و زۆربەی ئەوانەی کاتەکانیان دانابوو خۆیان پێشێلیان کرد)، بریتییە لە خەریکبوون بە شتە لاوەکییەکان و پشتگوێخستنی بابەتە هەرە گرنگەکان، چونکە واقیعی ئابووریی عێراق کە پەیوەستە بە پلاندانانەوە، لە بارودۆخێکی باشدا نییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر پێکهاتە و گەلانی عێراق هەیە. ئەم بابەتەش پەیوەندیی بە واقیع و داهاتووی وڵاتەوە هەیە لەناو بڕیاری نێودەوڵەتیدا کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان داڕێژراوە، لەوێدا دەبێت سیستەمی سیاسی کارتەکانی هێزی خۆی هەڵبژێرێت، ئەگەر بێت و خاوەنی هیچ کارتێکی هێز بێت.
ئێمە لە ڕابردوودا ئەزموونی هەڵکشانی لێدوانە توندەکانی ئەو ڕژێمانەمان کردووە کە حوکمی عێراقیان کردووە، ئەوانە تەنها لە تەپوتۆزێک دەچوون، کە هەر ئەوەندەی نیشتەوە، هەرەس و نەمانی خودی ئەو ڕژێمانەی دەرخست.
ئێمە پێشتریش گوتوومانە و کارمان بۆ کردووە و هێشتاش بەردەوامین، لە پێناو ئەوەی لایەنەکانی دیکە لە مانا و جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتی تێبگەن، پێویستە کات بۆ خوێندنەوەی ئەرکەکانیان بەپێی دەقە دەستوورییەکان تەرخان بکەن، نەک دووبارەکردنەوەی ئەو لێکدانەوە (ئیجتیهاد)ە شەخسییانەی کە جگە لە زیان و خەسارەت، هیچیتریان بەرهەم نەهێناوە.