ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتیی و کاریگەری و پێشھاتەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.2.25، بە سەرپەرشتی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی لقەکانی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و بەرپرسانی دیکە و کادیران، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتیی و کاریگەری و پێشھاتەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی ڕوونكردنەوەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی خستەڕوو و ئاماژەی بە رۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی جەنابی سەرۆک بارزانی و ھەوڵی بەردەوامی بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە توانراوە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی قۆناغی زۆر سەخت تێپەڕێنین و بە پشتیوانی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان زۆر پیلانیش شکست پێبێنین.


د.پشتیوان سادق ئاشکراشی کرد، پارتی خاوەندارێتی کوردستان دەکات و لە سەرئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی خاوەنی پێگە و قورسایی خۆیەتی و هەرگیز ناچێتە ژێرباری هیچ سەپاندن و ستەمێک، کە دژی گەلەکەمان دەکرێت.
پاشان ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەو ستەم و نادایەی، کە بەڕوونی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت، بە پێشێلکردنی دەستوور و نەدانی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و هاووڵاتییان.
سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەتی نوێش، د.پشتیوان سادق ڕوونیکردەوە کە زۆرینەی دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ پارتی بووە، ئەمەش ڕای خەڵکە پێویستە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت، ناوبراو گوتیشی، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی ڕۆڵی بەرپرسیارانەی خۆی لەگەڵ ھەموو ھێزەکان نیشانداوە، بەکردارەکیش ئەم ھەنگاوەی سەلماندووە و سەردانی لایەنە براوەکانی کردووە، بەڵام بەھۆی لایەنی ترەوە نەتوانرا پەرلەمان کارابکرێت و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر گوتیشی، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەموو قۆناغەکان پارێزەرو بەرگریکاری ڕاستەقینەی خەڵک بووە، بۆ ئەمڕۆش پارتی لە ڕێگەی بەرپرسانی لە حکوومەت و ئۆرگانە جیاوازەکانیەوە خزمەتی خەڵکی دەکات، ئەوەش ئەرکی ڕاستەقینە و پەیامی پارتییە، بۆیە نابێت لە ھیچ کەناڵێکی خزمەتکردن، کەمتەرخەمی رووبدات، بەڵکو دەبێ خزمەتگوزاریەکان بە ھەرچی توانایە بۆ هاونیشتیمانیان زێتر و فراوانتر بکرێن.