Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ دەكرێت

ھەولێر-KDP. info-  دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی پێشمەرگە، یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان واژۆ دەكەن. 

د. ڕەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكیی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی یاوەری، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 24/2/2026 سەردانی (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یان لە هەولێر كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.

هەر لەو سەردانەدا، یاداشتی لێكتێگەیشتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە نێوان د. ڕەوشت ڕەشید، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و د. ڕەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكیی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە، واژۆ كرا.

بە گوێرەی یاداشتەكە، ستافی پسپۆڕی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، راهێنانی نوێ و پێویست بە ستافێكی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە هەموو شێوەیەك لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەشدار بن و زانیاری و هۆشیاریی تەواو لەو بارەیەوە بە هێزەكانی پێشمەرگە بدەن، بۆ ئەوەی وەك چۆن ئەركی پیرۆزی خاك و وڵاتیان لە ئەستۆیە، بە هەمان شێوە خۆیان و هاونیشتمانیان لە بەڵای كوشندەی ماددە هۆشبەرەكان بپارێزن.

هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتی نیشتمانییە، خولی ڕاهێنان و هۆشیاركردنەوە بۆ مامۆستایانی ئایینی و پەروەردە و لە زانكۆ و قوتابخانەكان و لە كەمپەكانی ئاوارە و پەرنابەرانیش كراونەتەوە و ئەو چالاكییانەش بەردەوام دەبن.

ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی” لە 26ی تشرینی دووەمی 2024، بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا.

هەر لەژێر چاودێریی بەڕێزیان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆڕبەندێكدا كە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 29\5\2025 بە دروشمی “بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساخڵەم”، لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.