Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەکو مەرجەعی گەلی کورد مامەڵە لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات"

ھەولێر -KDP.info- سکرتێری گشتی پارتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "ھاتنی سەرکردەی وڵاتان و گرنگیدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرۆک بارزانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەکو مەرجعی باڵای  گەلی کورد مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و خاوەن بڕیار و ھەڵوێستە." 

غەفور مەخموری، سکرتێری پارتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "خوێندنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکاش لە ماوەی ڕابردوو بۆ سەرۆک بارزانی گرنگە، بەھۆی ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کوردستان مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات وەکو مەرجعی گەلی کوردستان و مەرجعی ناوەندی سیاسی گەلی کوردستان، سەرۆک بارزانیش لەبواری سیاسی کۆمەڵێک شتی جێگیری ھەیە، ئەویش سازشنەکردن لەسەر مافی گەلی کورد لە ھەر بەشێکی کوردستان بێت، ڕاستگۆیی لە سیاسەت و ھەڵوێست، ئەوەش خاڵێکی گرنگە و خاوەن بڕیارە لەکاتی پێویستدا، کەسایەتییەکی مێژووییە و سیمبولی گەلی کوردستانە." 

غەفور مەخموری گوتیشی "سەرۆک بارزانی دوو سیفەتی زۆر گرنگی تێدایە، ئەوانیش کوڕی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد بارزانی نەمرە، دووەمیش وەکو کەسایەتییەک کاریزماییە و بەدرێژایی تەمەنی خۆی پێشمەرگە بووە بۆ بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی کورد و ھیچ کات سازشی نەکردووە، ئەمە وای کردووە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەوروبەر وبەشی زۆری لایەنەکانی عێراقیش وەکو مەرجعی گەلی کورد مامەڵەی لەگەڵ دەکەن." 

مەخموری ڕوونیشی کردەوە "لەماوەی ڕابردوو لە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا ھەموو لایەنە سیاسیەکانی بەغدا ڕوویان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەوەی کێشەکان یەکلایی بکرێنەوە، قسەی کۆتایی لەبارەی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لای سەرۆک بارزانیە، ئەوەش ڕاستییەکە و کەس ناتوانی نکۆڵی لێ بکات، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری سەرۆک بارزانی بن، چونکە لە ماڵێک گەورەیەک نەبێت سەرناکەوێت، سەرۆک بارزانیش مەرجعی گەلی کوردستانە و پێویستە بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و خوێندنەوەی جیھانیش لەو ڕوانگەیەوە دروستە." 

بڵند ئیبراھیم