Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.ھێمن میرانی: دەستمان کردووە بەم ھەڵمەتە ھۆشیارییە بۆ شۆفێران

ھەولێر-KDP. info-  بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "ھەڵمەتێکی ھۆشیاریمان بۆ ھۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتیان لە چۆنێتی شوفێریکردن بە سەلامەتی دەست پێکردووە، بۆ ئەوەی ھەم سەر و ماڵیان بپارێزرێ، ھەم لە سزای دارایی و سەرپێچی خۆیان بپارێزن." 

د.ھێمن میرانی، بەڕێوەبەر ی گشتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ سەرمایەگوزاری گەورەی لە بواری پەرەپێدانی ھاتوچۆ کردووە، کە بووەتە ھۆکاری کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ بەڕێژەی ٥٠٪ و کەمبوونەوەی مردن و برینداربوونی سەخت بەڕێژەی ٦٤٪، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی بەکارھێنەرانی ئۆتۆمبێل و فراوانبوونی شەقامەکان و شار و شارۆچکەکان. بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کەمبوونەوەی ڕووداوەکان بکرێت، پێویستیمان بە گۆڕانکارییە لە ھەندێ جومگەی دیکە.

د.ھێمن میرانی گوتیشی "چاکسازی بنەڕەتی لە پەروەردەکردنی شوفێر و دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری کرا، ئێستا ھەموو گەنجێک بەر لەوەی ببێتە شوفێر و مۆڵەت دەربکات، دەبێ لە نووسینگەکانی فێرکردنی شوفێری وانەی تیۆری و کرداری بخوێنێ، لەسەر مەنھەجێک کە وەزارەت دایناوە و پەسندی کردووە، شوفێری نوێ بەتەواوی فێری یاسا و ڕێنماییەکانی بواری ھاتوچۆ و شوفێریکردنی سەلامەت و ناسینی شەقامەکان و ھێماکانی سەرشەقام و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان دەکرێت، ئینجا دەچێتە بەشی مۆڵەت و تاقیکردنەوەی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری دەکات." 

گوتیشی "مۆڵەتەکانی شوفێری چیدی (گشتی و تایبەت) نین، بەڵکو بەگوێرەی قەبارەی ئۆتۆمبێل و ژمارەی سەرنشین جیاکراونەتەوە، شوفێر چیتر ناتوانێ بە یەک جۆر مۆڵەت (وەکو مۆڵەتی گشتی جاران) ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک لێبخوڕێت." 

بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە "لەبواری دیزاین و ھێڵکاری شەقامەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەندازەی ھاتوچۆ بە دەستی کاری خۆماڵی، دەستیان بە نوێکردنەوەی ھێڵکاری شەقامەکان کرد بۆ ئەوەی شوفێران ڕێڕەوی خۆیان ببینن و بە دروستی شوفێری بکەن، ئەو ھەڵمەتی ھۆشیارییەی پەیجی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆ دەستیان پێکردووە بۆ ھۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی ھاووڵاتییان لە چۆنێتی شوفێریکردن بە سەلامەتی بۆ ئەوەیە ھەم سەر و ماڵیان بپارێزرێ، ھەم لە سزای دارایی و سەرپێچی خۆیان بپارێزن." 

بڵند ئیبراھیم