ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "وڵاتی بەحرێن دەیەوێت لەڕێگەی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین سێکتەری جیاجیا کار بکەن، ئێمەش ئاسانکارییان بۆ دەکەین."
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "شاندێکی وڵاتی بەحرێن سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و دەیانەوێت لە بواری گەشتوگوزار، وزەی نوێبووە، پیشەسازی، گەشەپێدانی خانووبەرە و ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و بەشداری بکەن لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، بۆیە بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێمەش تەواوی ھاوکاری و کارئاسانییان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی سەرمایەی بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاد بێت."
د.محەمەد شوکری گوتیشی "ئێستا بەحرێن ١٢ کۆمپانیای لە ھەرێمی کوردستان کار دەکات، دەیانەوێت کارەکانیان فراوانتر بکەن و زیاتر لە چەندین سێکتەری جیاجیا کاری وەبەرھێنان بکەن، بۆیە ھەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی وڵاتانی بیانی بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن."
شوکری باسی لەوەش کرد "شاندی کەرتی تایبەتی وڵاتی بەحرێن ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، دەیانەوێت لە بواری ئابووری و بازرگانی کار بکەن و پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەحرێن فراونتر بێت و سوود لە ئەزموونی یەکتری وەربگرین، چونکە لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆری وەبەرھێنان ھەیە و وڵاتان دەیانەوێت کاری تێدا بکەن."
بڵند ئیبراھیم