Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران مووچە، ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و لێخۆشبوونی هاتوچۆ گفتوگۆ دەكات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات. ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (KDP.info) کارنامەی کۆبوونەوەکە بڵاو دەکاتەوە کە سێ تەوەرەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونی ورد بۆ بارودۆخی دارایی و خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکات. هەروەها دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم تاووتوێ دەکرێن، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

تەوەرەی دووەم تایبەت دەبێت بە پێشوەچوونەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە. کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر هەنگاوە کردارییەکانی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکاتەوە.

لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ لەسەر پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت بۆ درێژکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی ٢٠٪ لە سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ. بڕیارە ئەم لێخۆشبوونە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە (تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) درێژ بکرێتەوە، وەک ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتییان.