زاخۆ-KDP.info- زانکۆی زاخۆ ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی زانستیی گەورە و نێودەوڵەتی لەژێر چاودێری سەرۆک مەسعود بارزانی، کە بڕیارە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت. ئەم کۆنفرانسە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی سەردەم کە هەڕەشە لە پێکهاتەی کۆمەڵگە دەکات.
د. دیار هالۆ، سەرۆکی زانکۆی زاخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (KDP.info) ڕایگەیاند، ""ئامانجمان تەنها کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەی ئاسایی نییە، بەڵکو دەمانەوێت بە شێوازێکی زانستی و کرداری بەرەنگاری مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر ببینەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پسپۆڕانی ناوخۆیی و شارەزایانی پازدە وڵاتی جیهان بانگهێشت کراون."
سەرۆکی زانکۆی زاخۆ جەختی لەوە کردەوە کە دەرەنجام و سپارداکانی ئەم کۆنفرانسە تەنها وەک دەقێکی نووسراو نامێننەوە، بەڵکو دەخرێنە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک نەخشەڕێگەیەکی زانستی و دەبنە بنەمایەک بۆ کارکردنی بەردەوام و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە.
لەكۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی سەرۆکی زانکۆی زاخۆ گوتی، "هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەماهەنگییەکی بەهێزیان لەگەڵ زانکۆ هەیە بۆ جێبەجێکردنی دەرەنجامەکان.
قائید میرۆ