Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکوەزیران بۆ دیزاینی پڕۆژەکانیش ڕێنمایی تایبەتی ھەیە

ھەولێر -KDP.info- پارێزگاری ھەولێر گوتی "سەرەڕای دۆخی نالەباری دارایی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەردەوام بووە و ئاوەدانی لە ھەرێمی کوردستان نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبیت." 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی زۆر گرنگە و کراوە، ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەیە لەڕێگەی کۆمپانیای ناوخۆ و ئەندازیاری ناوخۆییەوە، بۆیە ڕێگای ستراتیژی گۆمەسپان _ سماقوڵی بە کوالێتیێکی بەرز و ئەندازیاری و بە ستانداردێکی جیھانی دروست کراوە و پێش وادەی دیاریکراویش تەواوکرا.

 سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبارە داراییەش لە ھەولێر کاروانی ئاوەدانی بەردەوام بووە و نەوەستاوە، بەئیرادەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەکان بەردەوامن." 

ئومێد خۆشناو گوتیشی "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیزاینکردنی ئەو پڕۆژەیەی ئەمڕۆ کرایەوە ڕێنمایی تایبەتی ھەبوو و گوتی "پێویستە ڕێگاکە بەجۆرێک بێت گەشتیاران بتوانن دیمەنی جوانی بەنداوی گۆمەسپان ببینن" بۆیە ٦٠مەتر لە شاخەکە بڕدراوە تاوەکو دیمەنەکە بۆ ھاووڵاتییان دیاربێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لە چاودێریکردنی پڕۆژەکان لە دیزاینەکانیش ڕێنمایی تایبەتیی خۆی ھەبووە، ئەوەش خەمخۆری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و ئاوەدانی لە ھەرێمی کوردستان." 

ڕێگەی گۆمەسپان – سماقوڵی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای ھەولێر کە بەشێکی گرنگی ڕێگەی نێوان ھەولێر و سلێمانی پێکدەھێنێت." 

 

بڵند ئیبراھیم