Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مامۆستا ئاوات نەقشبەندی بۆ KDP: ئایینەکان جەخت لە خۆشەویستیی خاک و نیشتمان دەکەنەوە

شارەزوور -KDP.info- د. ئاوات نەقشبەندی، گوتارخوێنی خانەقای حاجی شێخ صاحب نەقشبەندی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشکی خستە سەر پێوەندیی نێوان ئایین و نیشتمانپەروەری و ڕایگەیاند کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تەواوی ئایینە ئاسمانییەکان، جەخت لە خۆشەویستیی خاک و نیشتمان دەکەنەوە.

د. ئاوات نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد کە مرۆڤ بە سروشتی خۆی وابەستەی ئەو خاکەیە کە تێیدا لەدایک بووە. ئەو گوتی، "قورئانی پیرۆز هانمان دەدات وەبەرهێنان لەو زەوییەدا بکەین کە تێیدا دەژین و بە کاری باشە ببینە مایەی ئاوەدانی و سەقامگیریی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی گوتیشی، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) نموونەیەکی باڵای نیشتمانپەروەری بووە و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مەککە و مەدینە هەبووە، ئەمەش بەڵگەیە کە ئایین و نیشتمانپەروەری تەواوکەری یەکترن.

گوتارخوێنی خانەقای حاجی شێخ صاحب نەقشبەندی لە شارەزوور تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە پێشەنگی خەباتی نەتەوەیی بوون. زۆربەی ڕابەرانی مەزنی کورد وەک بارزانیی نەمر، پێشەوا قازی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران، پەروەردەی قوتابخانەی ئایینی بوون و مێژوویەکی زەنگینیان لە پێکەوەژیان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی تۆمار کردووە.

د. ئاوات نەقشبەندی بەڵگەی مێژوویی لە قورئانەوە دەهێنێتەوە و دەڵێت، ""خاکی کوردستان پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە، شاخی جوودی کە کەشتییەکەی پێغەمبەر نووح (س.خ) تێیدا لەنگەری گرت، لوتکەیەکی نیشتمانەکەمانە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم خاکە دووەم لانکەی مرۆڤایەتی بووە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی مامۆستا ئاوات نەقشبەندی جەختی لەسەر بەرپرسیارەتیی مێژوویی تاکی کورد کردەوە و ڕایگەیاند، "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەرکی هەموو لایەکە، چونکە ئەم قەوارەیە ئومێدی هەموو کوردانی پارچەکانی دیکەیە و پێویستە بە ئامانەت و دڵسۆزییەوە کار بکەین بۆ بەهێزکردنی ئەم قەوارەیە، چونکە مانەوەی ئێمە وەک نەتەوە، بەستراوەتەوە بە مانەوەی ئەم قەوارە سیاسییەوە."

 

عەزیز ڕەسووڵ