هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی دووسایدی (هەولێر - گۆمەسپان)ی بە ڕووی شۆفێراندا دەكاتەوە. ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگەوبان و ئاسانکاری بۆ جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لە پارێزگای هەولێر.
ڕێگەکە لەلایەن کۆمپانیای (هێمن گرووپ) و بە هاوکاریی سەرمایەداری نیشتمانی (خالید خۆشناو) جێبەجێ کراوە. بەپێی لێدوانی ئەندازیارانی پڕۆژەکە، ڕێگەکە بەم تایبەتمەندییانە دروستکراوە، درێژی و پانایی: ڕێگەکە ١٦ کیلۆمەتر درێژە و ٨ کیلۆمەتر ڕێگەی خزمەتگوزاری لەگەڵدایە، هەر سایدێکی ڕێگەکە لە سێ هێڵ پێکدێت. پڕۆژەکە ٥ پرد، ١ ژێرپرد و ٥٠ ئاوەڕۆی سندووقی لەخۆدەگرێت بۆ ڕێگری لە کۆبوونەوەی ئاوی باران، بە سێ چین و بە بەرزیی ٢١ سانتیمەتر قیرتاو کراوە، کە بەرگەی قورسایی زۆری بارهەڵگرەکان دەگرێت.
"ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی فراوانی حکوومەت بۆ بەستنەوەی شارەکان بە ڕێگەی ستاندارد و نێودەوڵەتی، کە خزمەتێکی گەورە بە کەرتی ئابووری و گەشتیاریی هەرێمی کوردستان دەکات."