Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە

هەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/2/23 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان، پێشوازیى لە بەڕێز تۆم باراك، نوێنەرى سەرۆك ترامپ بۆ كاروبارى سووریا و باڵیۆزى ئەمه‌ریكا لە توركیا و شاندێكى یاوەرى كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە بەڕێز جۆشوا هاریس، كاربه‌ڕێكه‌رى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئامادەی بوو، پەیوەندییەكانى ئەمه‌ریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمى كوردستان، دواپێشهاتەكانى بارودۆخى سووریا و پرۆسەى سیاسى لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

شاندى میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵى سەرۆك نێچیرڤان بارزانى لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانى بۆ سەقامگیریى ناوچەكە و هێوركردنەوەى ئاڵۆزییەكان و ڕێككه‌وتنى نێوان دیمه‌شق و هه‌سه‌ده‌دا دەربڕى. لاى خۆیه‌وه‌ سەرۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كردەوە كە هەرێمى كوردستان وەك هەمیشە فاكتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەبێت.

دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، تەوەرێكى دیكەى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگیى چاره‌سه‌ركردنى ئاشتییانه‌ى كێشه‌كان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا كرده‌وه‌.