Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرمانگەی میدیاو زانیاری ئەم راپۆرتەی بڵاوکردەوە

ھەولێر-KDP. info-  فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان،ڕاپۆرتێکی گشتگیر و دۆکیومێنتاریی لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بۆ ساڵانی (2005-2025) بڵاو کردەوە.

ڕاپۆرتەکە ئەو پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییانە ئاشکرا دەکات، کە لەو ناوچانە بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێن.

ئامارەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017

بەپێی راپۆرتەکە، ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تەنیا گۆڕانکاریی سەربازی نەبوون، بەڵکوو کارەساتێکی مرۆیی و ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە قەزای دووزخورماتوو کە ئامارەکان بەم شێوەیەن:

زیانە مرۆییەکان: 15 شەهید و 115 بریندار لە ریزی هاووڵاتیانی مەدەنی.
تاڵانکردن: 3150 ماڵی هاووڵاتیانی کورد تاڵان کراون.
سووتاندن و تەقاندنەوە: 530 خانوو و دوکانی کورد سووتێنراون یان تەقێنراونەتەوە، لەگەڵ سووتاندنی 21 کارگە و قوتابخانە.
ئاوارەبوون: زیاتر لە 53 هەزار کەس لەو قەزایە ئاوارە بوون.
"تەعریبی سپی"؛ گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ڕێگەی ئیدارە و کشتوکاڵەوە

راپۆرتەکە ئاماژە بە ستراتیجێکی نوێ دەکات بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان "تەعریبی ئیداری"، لەوانە:
داگیرکردنی پۆستەکان: گۆڕینی 10 پۆستی باڵای ئیداری لە کەرکووک و 10 پۆستی تر لە شەنگال کە پشکی کورد بوون و پێدانیان بە پێکهاتەکانی تر.
کێشەی زەوی و زار: زیندووکردنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی بەعس و هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویی جوتیارانی کورد لە کەرکووک، داقووق و سەرگەڕان.
فۆرمی خۆراک و ناسنامە: هەوڵدان بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب بۆ ناو کەرکووک.
شکستی دارایی و بەڵێنە سیاسییەکان

راپۆرتەکە وردەکارییەکی دارایی دەخاتە ڕوو؛ هەرچەندە بڕیار بوو بودجەیەکی بەرچاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تەرخان بکرێت، بەڵام:

لە ساڵانی 2014، 2015 و 2018 تا 2021، حکومەتی عێراق "سفر" دیناری بۆ ئەم ماددەیە تەرخان کردووە.
کۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی 20 ساڵدا خەرج کراوە (2.08 تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەکان و ژمارەی ئەو 118 هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوە دەکەن، زۆر کەمە.
ڕۆڵی نێودەوڵەتی و بڕیارە یاساییەکان

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 چەندین پێشنیاز و راپۆرتیان هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون. لە هەمان کاتدا، راپۆرتەکە جەخت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ژمارە 113ی ساڵی 2017 و 71ی ساڵی 2019 دەکاتەوە، کە ڕێگرییان کرد لە هەوڵە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 140 و دووپاتیان کردەوە کە ماددەکە تا جێبەجێکردنی دوا قۆناغی (راپرسی) بەزیندوویی دەمێنێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەیسەلمێنێت کە ماددەی 140 تەنیا دەقێکی دەستووری نییە، بەڵکوو کێشەی نیشتەجێبوون، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییە.

 

فەرمانگەى میدیا و زانیاری

23 شوبات 2026