Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووکەوە پەیامی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی دووپات دەکەنەوە

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لایەنە کوردستانییەکان لە شاری کەرکووک کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دۆخی گشتیی شارەکە ئەنجامدا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە نوێنەری زۆربەی حزبە کوردییەکانی تێدا ئامادە بوو، لایەنەکان ڕایانگەیاند: "هەموومان یەکهەڵوێست بووین لەسەر ئەوەی پرسە نەتەوەییەکان بە بەرزی ڕابگرین و پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە شارەکەدا." ئەم هەڵوێستە نیشانەی پابەندبوونی لایەنەکانە بە پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان لەم قۆناغەدا.

لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا، دەستخۆشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرا بۆ ڕووماڵکردنی بەردەوامی چالاکییەکان و گەیاندنی دەنگی لایەنەکان. ئاماژە بەوەش درا کە ڕاگەیاندن دەورێکی باڵای هەبووە لە نیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی شارەکە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچە جێناکۆکەکان و بە تایبەت کەرکووک، بە قۆناغێکی سیاسیی هەستیاردا تێپەڕ دەبن. لایەنە کوردستانییەکان جەختیان کردەوە کە تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزییەوە دەتوانن ڕووبەڕووی تەحەددییەکان ببنەوە و پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی و مافە دەستوورییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە بکەن.