Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەتروشی بۆ KDP: بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە و سازش ناکەین

ھەولێر-KDP.info- دکتۆر فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدات لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد لە بەغدا و ڕایدەگەیەنێت، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد ناکەن.

دکتۆر فەرهاد ئەتروشی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "هیچ ڕێککەوتنێک نەبووە بۆ ئەوەی پۆستی سوپاسالار لە کورد بسەنرێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی لەناکاو خراوەتە کارنامەی کۆبوونەوە. ئەم هەنگاوە کێشەی یاسایی تێدایە و ئێمە تانەمان لێداوە و لە دادگای فیدراڵیش سکاڵا تۆمار دەکەین، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگ بین، لە داهاتوودا دەست بۆ پۆستەکانی دیکەش دەبەن."

جێگری سەرۆکی پەرلەمان تیشکی خستە سەر هەوڵی لایەنە شیعییەکان بۆ هەژموونگەرایی و گوتی، "دەیانەوێت لە ١٠ لیژنە گرنگەکەی پەرلەمان، زۆرینەی ئەندامەکان بۆ خۆیان بێت بە بیانووی ئەوەی زۆرینەن، ئەمەش پێشێلکردنی ئەو هاوسەنگییەیە کە پێشتر هەبوو. هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی کورد لە لیژنەکان کەم بکرێتەوە تاوەکو ململانێ لە ناوخۆی کورد دروست بێت و یەکدەنگ نەبین، بەڵام ئێمە ڕێگر دەبین لەو هەوڵانە."

سەبارەت بە پرسی سەرۆککۆمار، ئەتروشی ڕەخنەی لە چوارچێوەی هەماهەنگی گرت و گوتی، "کورد دەستوەرناداتە پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام بەداخەوە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت کاندیدی سەرۆککۆمار بە ئارەزووی خۆی دیاری بکات تاوەکو لەژێر هەژموونی ئەواندا بێت. ئومێدەوارین کورد بە یەک کاندید بچێتە بەغدا، هەرچەندە بەهۆی دۆخی ئێستاوە کارێکی ئەستەمە."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، "وەک پارتی دیموکراتی کوردستان سوورین لەسەر پاراستنی مافەکانمان و لە بەرامبەر هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی کورد، بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکەین."

 

بڵند ئیبراهیم