یەکێتی ئەورپا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتی "یەکێتی ئەوروپا سوپاس و پێزانینی بۆ ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی ھەیە لەبەرامبەر دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر چارەسەری کێشەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەئاشتی و دیالۆگ دەکاتەوە."
دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بەیاوەری شاندێک سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندامان کرد و لەگەڵ (گووشێ ئالتێس) بەرپرسی بەشی باکووری ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسی دێسکی عێراق کۆبووینەوە و پووختەیەک لە دوایین پەرەسەندنەکانی سیاسی ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان و سیاسەت و تێروانینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لەسەر ڕووداوەکان و بارودۆخەکە خستە ڕوو.
د.دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی "ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و ھەوڵەکانی سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەشێکی تری دیدارەکە بوون، ھەردوولا ھاوڕا بووین، کە کێشەکان بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و گرنگە مافی کورد و پێکھاتەکانی تر لە دواڕۆژی سوریا ڕێزیان لێ بگیرێ."
دەشڵێت "لایەنی ئەوروپی سوپاس و پێزانینی خۆی ڕاگەیاند، بۆ ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی بۆ دابینکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتن و سەقامگیری لە ناوچەکە.
دوایین ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکی تری کۆبوونەوەکە بوون و لە کۆتاییدا ھەردوولا خوازیاری بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی ھۆڵەندا بوو."
ئاژگەیی باسی لەوەش کرد "بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەردەوام سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام دەدرێن."
بڵند ئیبراھیم