ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە، دەمانەوێت خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ھەرێمی کوردستان بکەین.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ھەماھەنگییەکی پتەوتر لەنێوانماندا دروست دەکرێت تاوەکو وەزارەتی شەھیدان لە پڕۆژەکانی وەبەرھێناندا بەشدار بێت. مەبەست لێی ئەوەیە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەو پڕۆژانە سوودمەند بن، چونکە حکوومەتی ھەرێم سوورە لەسەر خزمەتکردنیان. ئێمەش ھەموو کارێک دەکەین تاوەکو لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە زۆرترین سوود بەو توێژە بگەیەنین."
د. محەمەد شوکری گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی دەمانەوێت وەزارەتی شەھیدانی تێدا بەشدار بێت، وەک دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە وایە؛ چونکە ئەگەر ئەوانە بازرگانی بن، دەکرێت بەشێکیان بۆ وەزارەتی شەھیدان بێت و لەو ڕێگەیەوە خزمەتگوزارییەکان بگەنە دەست کەسوکاری شەھیدان."
شوکری ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی ھەیە؛ بەشێکیان تەواو کراون و بەسەر کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراواندا دابەش کراون. ئەو پڕۆژانەشی لە شوێنەکانی دیکە ماون، لەڕێگەی وەبەرھێنانەوە تەواو دەکرێن و بەسەریاندا دابەش دەکرێن. بۆ ئەم مەبەستە داوایان لە ئێمە کردووە و ئێمەش کاری جددی لەسەر دەکەین تا پڕۆژەکان تەواو ببن و ڕادەستی شایستەکان بکرێن."
بڵند ئیبراھیم