Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میرانی بۆ KDP: هەرێم پێش وادەی UN ڕووداوەکانی هاتووچۆی بەڕێژەی ٥٠٪ کەمکردەوە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێش ساڵی ٢٠٣٠، ئامانجە جیهانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەدەستبهێنێت.

دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند: "نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێشخەرییەکی هەبوو کە وڵاتان تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕووداوەکانی هاتووچۆ ٥٠٪ کەم بکەنەوە، بەڵام ئێمە لە کابینەی نۆیەمدا و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ توانیمان ئەو ڕێژەیە بەدەستبهێنین."

دکتۆر هێمن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەرکەوتنە تەنها پەیوەندی بە کامێراکانی چاودێرییەوە نییە، بەڵکو دەرەنجامی پێداچوونەوەیەکی وردی یاسا و ڕێنماییەکانی لێخوڕین و سەلامەتییە. گوتیشی: "بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨، ڕووداوەکانی مردن و برینداربوونی سەخت بەڕێژەی ٦٤٪ کەمیکردووە، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ و مێژووییە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان."

 

بڵند ئیبراهیم