Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP: هەڵمەتەکانمان بۆ بنبڕکردنی تاوان و چەسپاندنی یاسا گشتگیرتر دەبن

​هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ‌مۆڵەت ماوەیەکە دەستی پێکردووە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

​عەمید (کامل بەرزنجی)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە هەڵمەتێکی گشتگیرمان لە ڕێگەی سەرجەم بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە بۆ بنبڕکردنی تاوانە جۆراوجۆرەکان دەست پێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش شەوانە تیمەکانمان لە شوێنە جیاوازەکان بازگەی کاتی دادەنێن."

​سەبارەت بە شێوازی کارکردنی تیمەکانیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی: "تیمەکانمان لە تەواوی سنووری پارێزگاکە لە هەڵمەتەکەدا بەشدارن و لە هەر شوێنێک پێویست بێت بازگە دادەنێن. ئامانجی سەرەکیمان کۆنتڕۆڵکردنی چەکی بێ‌مۆڵەت و ڕێگریکردنە لە هەر حاڵەتێکی نایاسایی."

عەمید ​(کامل بەرزنجی) جەختیشی کردەوە، ئەم هەڵمەتە گشتگیرە، بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیانە، گوتیشی: "وەک هەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری ڕاستەقینەی هاونیشتمانیان دەزانین."

 

ئومێد بابان