Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکوەزیران و باڵیۆزی هەنگاریا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنە کردەوە

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی هەنگاریا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنە کردەوە و لەسەر پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاریا هاوڕابوون.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئوسامە ئیبراهیم نەففاع، باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا ، هەر دوو لا هاوڕابوون لەسەر پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاریا، بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وزە و کولتوور و خوێندنی باڵادا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، باڵیۆزی هەنگاریا، سڵاو و ڕێزی سەرۆک وەزیرانی هەنگاریای بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوو لایە نە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئاماژەشی داوە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی هەنگاریای کرد وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ، خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاریا دووپات کردەوە.