Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکەن

میونشن-KDP. info-  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2026/2/14، لە درێژەی کارنامەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خاتوو ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە.

لە کۆبوونه‌وه‌کەدا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری ده‌كه‌ن.

هەر لە کۆبوونه‌وه‌کەدا، باس لە دۆخى سووریا و كورد و پێكهاته‌كان له‌و وڵاته‌، له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانى تیرۆ و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

خاتوو ڤۆن دێر لاین پشتگیریی یەکێتیی ئەورووپای بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ڕۆڵى هەرێمی كوردستانى کرد وەک فاکتەری گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.