Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمه‌ریکا كۆبوونه‌وه‌

میونشن-KDP. info-  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2026/2/14، لە بەردەوامیی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمه‌ریکی و شاندێکی یاوەری كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى کۆنگرێس پێكهاتبوو، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەشى نێوانیان خرایە بەر باس. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەمه‌ریکا و کۆنگرێس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

شاندی کۆنگرێسی ئەمه‌ریکا جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ عێراق و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات نیشان دا.

دۆخى سووریا و كورد له‌و وڵاته‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تیایدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و شاندى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیان له‌ پاراستنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ ئێستا و ده‌ستوورى داهاتووى سووریاى یه‌كگرتوودا كرده‌وه‌.

دوا پێشهاتە ئەمنییەکان و مەترسییەکانی تیرۆر، تەوەرێکی دیکەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.