Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری تەندروستی: ئیمارات ئامادەیە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی ناوەرۆکی سەردانیان بۆ ئیمارات و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سەرکردایەتی تەندروستی جیھانیی لە ئیمارات دەکات و دەڵێت، ئیمارات ئامادەیە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات.

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "وەکو وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر داوەتنامەی فەرمیی وەزیری تەندروستی وڵاتی ئیمارات بۆ دوو مەبەست سەردانی ئیماراتمان کرد، یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ جەنابیان و دووەمیش بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سەرکردایەتی تەندروستی نێودەوڵەتی کە وەزیری وڵاتانی دیکەیش بەشداربوون، بەشداریشمان لە پێشانگای تەندروستی وڵاتانی عەرەبی کرد، لەگەڵ وەزیری تەندروستی ئیمارات کۆبووینەوە و باسی سیاسەتی ئیمارات کرد لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ھاوبەشی نێوان ھەرێم و ئیمارات بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئیمارات، بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات واژووی کردووە." 

گوتیشی "ئیمارات ئامادەیە لە سێکتەری تەندروستی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات، لە بواری تەکنەلۆژیا و ئەی ئای و ھاندانی وەبەرھێنەران بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ ھەرێمی کوردستان و ھاوکاری خێرخوازی لەڕێگەی مانگی سوور و وەزارەتی تەندروستی کە لە ڕابردوو ھاوکاری زۆریان کردووە، ئێمەش سوپاسمان کرد و سڵاوی سەرۆکی حکوومەتمان پێگەیاندن.

 ئیمارات لە بواری تەندروستی سەرکەوتووە و ھاوکاریی زۆری ھەرێمی کوردستانیان کردووە لەکاتی ھاتنی ئاوارە و پەنابەران و لە شەڕی داعش و کۆرۆنا، ئێستاش لەڕێگەی کونسولگەری گشتی و چەند دەزگای دیکە دەیانەوێت ھاوکاریی ھەرێم بکەن." 

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی "ئیمارات ھەمیشە ھاوکارمان بوونە و بەردەوامیش دەبن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروستی کردووە.

 بڕیارە لە چوارچێوەی ڕەشنوسێکی تازە ڕێککەوتنامە واژوو بکەین و سوود لە ئەزموونی تەندرووستی ئەوان وەرگرین." 

دەشڵێت "لە کۆنفرانسی سەرکردایەتی تەندروستی نێودەوڵەتی بە پەنێلێک بەشداربووین و باسی ھەرێمی کوردستانمان کرد کە پێگەیەکی گرنگی لە ناوچەکە ھەیە، سوپاسی ئەوانمان کرد کە ئۆفیسی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەناو پێشانگای نێودەوڵەتی لە تەنیشت وەزارەتی تەندروستی ئیمارات کرایەوە بۆ دیدار و کۆبوونەوە و چالاکی، توانرا زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، ئەوەش گرنگیدانە بە ھەرێمی کوردستان، کۆنفرانسەکە پێنج ڕۆژ بەردەوام بوو، ئەمڕۆش کۆتا ڕۆژی بوو."  

 

بڵند ئیبراھیم