Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری هەولێر: لە مانگی ڕەمەزاندا دەوامی فەرمانبەران کاتژمێرێک کەم دەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.2.12، بە سەرپەرشتى یٔومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان کۆبوونەوەیەکى تایبەت یٔەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ یٔەو مەبەستەش کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەی خوارەوە:

یەكەم، لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم دەكرێتەوە و لەكاتژمێر 9ی بەیانی دەست پێدەكات.

دووەم، لیژنەی قایٔیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر.

سێیەم، نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان گران بکات.

چوارەم، ڕێکارى یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو یٔەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یارى بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.

پێنجەم، لە پێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاووڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌ بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى (خۆراک ، درمان ، مۆڵ، مارکێت) و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەى شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.

شەشەم، لە بازگەکان چاودێرى تووند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەل و پەلى ماوە بەسەر چوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.

حەوتەم، تیمەکانى شارەوانى زێدەتر لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتیەکان و  پاککردنەوەى نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام دەبن.

هەشتەم، کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و فێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێو شوێنى پێویست بگرنەبەر.

نۆیەم، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ) لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتیان، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان.

دەیەم، کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى، ئەوساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو بە باشى و بەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەدەبرێت.

یازدەهەم، مزگەوتەكان تەنها لە (10) شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی و جگە لە پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات.