هەولێر-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی ئەرمینیا لە عێراق کرد و چەند بابەتێكیان تاوتوێ كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/2/2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ڕۆبین سۆگۆیان، باڵوێزی ئەرمینیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە، هەروەها ئاماژە بە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس درا.
باڵوێزی ئەرمینیا پیزانینی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکان لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، هەروەها دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئاڵوگۆڕ کرا.