دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری قەرزە بچووکەکان لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "گەشانەوە"دا، ئەمساڵ قەرزی ئاسانکاری پێشکەشی ١٠٠ خاوەن پڕۆژەی دیکە دەکات بە مەبەستی پەرەپێدان و فراوانکردنی کارەکانیان.
گوهدار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قەرزە بچووکەکان لە دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تایبەت و گەنجان دەدات. لە ساڵانی ڕابردوودا تەنیا لە سنووری دهۆک دوو هەزار و ٢٠٠ کەس لە قەرزی بچووک سوودمەند بوون، ئێستاش پڕۆژەی 'گەشانەوە' وەک جێگرەوەیەکی بەهێز، بەردەوامی بەو پاڵپشتییە دەدات."
سەبارەت بە وردەکاریی قەرزەکە، گوهدار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بەو کەسانەی خاوەن کارن و دەیانەوێت پڕۆژەکانیان گەورەتر بکەن. حکوومەت بڕی ١٥٠ ملیۆن دینار وەک قەرز پێشکەشی سوودمەندبووان دەکات. هەروەها هەوڵ دەدرێت ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەکە لە سێ ساڵەوە زیاد بکرێت، تاوەکو خاوەن پڕۆژەکان بتوانن بە باشترین شێوە سوودی لێ ببینن."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە پڕۆژەی "گەشانەوە" کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان دەبێت، چونکە هەر پڕۆژەیەک فراوان بێت، پێویستی بە هێزی کاری زیاتر دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی کابینەی نۆیەمە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هاووڵاتیان.
قائید میرۆ