Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لقی ١٦ـی پارتی شەرەفی ئەندامیەتی بەخشییە (١٦٣٥) گەنج و لاوی سنوورەکە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە مەراسیمێکی شکۆداردا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حزبی، (١٦٣٥) گەنج و لاوی سنووری لقی ١٦، وەک ئەندامی نوێ لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەرگیران.

مەراسیمەکە لە هۆڵی بۆنەکانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو، بە ئامادەبوونی ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لق، هەروەها هەریەک لە خاتوو چنار سەعد عەبدوڵڵا و چیا هەرکی، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر، و سەباح مەلا حەسەن، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستن.

لە مەراسیمەکەدا، شەرەفی ئەندامیەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشرایە ئەو ١٦٣٥ هەڤاڵە کە لە گەنج و لاوانی خوێنگەرمی سنوورەکە پێکهاتبوون. لەمەودوا وەک ئەندامی کارا لەناو ئەم پارتە پێشڕەوەدا و لەسەر ڕێبازی پیرۆزی (بارزانی)، خزمەت بە خاک و نەتەوەکەیان دەکەن.

بەرپرسی لق، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و بەخێرهێنانی هەڤاڵە نوێیەکان، لە وتەیەکدا هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و جەختی لەوە کردەوە کە لاوان بڕبڕەی پشتی پارتین و گەورەبوونی ڕیزەکانی پارتی بە گەنجان، نیشانەی زیندوویی و بەردەوامیی ئەم ڕێبازە نەتەوەییەیە.