گەرمیان-KDP.info- لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە مەیدانییەکان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ڕێکخستن، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی هەردوو لقی ١٥ی خانەقین و ٢٢ی گەرمیانی کرد. لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کرایەوە: برەودان بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی، دیاریکردنی ئەرکی کادیران، و داڕشتنی پلان بۆ پەرەپێدانی ئۆرگانەکان.
لەو کۆبوونەوانەدا کە بە ئامادەبوونی دیاری حوسێن، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان و هەڤاڵان ئەکبەر حەیدەر و حوسێن کەلاری بەرپرسی لقەکانی ١٥ و ٢٢ بەڕێوەچوو، ئەم خاڵانە تاوتوێ کران:
هەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی
لە کۆبوونەوەکاندا تیشک خرایە سەر دۆخی سیاسیی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان، بەتایبەت دۆخی کوردستانی ڕۆژئاوا. ئاماژە بە پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا و هەوڵە چڕەکانی جەنابیان بۆ چەسپاندنی بیری یەکڕیزیی نەتەوەیی لە نێوان کوردستانیاندا کرا.
ئەرکی کادیران و پاراستنی قەوارەی هەرێم
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ دۆخی ناوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان. جەخت لەسەر ئەرکی نیشتمانیی کادیرانی پارتی کرایەوە لە بەرگریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم، پاڵپشتیکردنی سیاسەتەکانی حکوومەت و برەودان بە ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان.
پەرەپێدانی ئۆرگانەکان و کاری ڕێکخستن
شاندی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون، بە جیا لەگەڵ بەرپرسی لیژنە ناوچەکانی هەر دوو لق کۆبووەوە. لەو دیدارەدا ئامانجی سەردانەکە بۆ چاودێریکردنی وردی کارەکان و باشترکردنی ئاستی تەنزیمی و کارگێڕیی ئۆرگانەکان ڕوونکرایەوە.

