سلێمانی-KDP.info- ئەبوبەکر کاروانی، سیاسەتمەداری کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بارزانی، ڕۆڵێکی میحوەرەییان گێڕاوە لە پاراستنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا. ئاماژە بەوەش دەکات، کە هێزە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە ناوخۆییەکانی سووریا، لەسەر گرنگیی ئەو ڕۆڵە دیپلۆماسییە کۆدەنگن.
سیاسەتمەداری کوردستان، ئەبوبەکر کاروانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان بە سەرجەم دامەزراوەکانییەوە، بەتایبەتی کەسایەتی كاك مەسعوود بارزانی، لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە هەوڵێکی بێوچانیان داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتر. ئەم هەوڵانە زەمینەسازییەکی گرنگیان بۆ ئاگربەست و دەستپێکردنی گفتوگۆ دروست کردووە."
ئەو سیاسەتمەدارە جەختی لەوەش کردەوە، لایەنە ناکۆکەکان و هێزە کاریگەرەکانی وەک واشنتن، پاریس و دیمەشق، لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەسەدە، بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم ڕۆڵە و سوپاسی هەوڵەکانی بارزانی دەکەن.
بە گوتەی کاروانی، ئەم پێگەیەی ئێستای هەرێمی کوردستان، نیشانەی قووڵایی ستراتیژیی هەولێرە بۆ پرسی کورد لە ناوچەکەدا. دەشڵێ، هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە ئاستی دیپلۆماسی، مرۆیی و میدیاییەوە ببێتە پاڵپشتێکی ڕاستەقینە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان دابنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەبوبەکر کاروانی ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''لە ئێستادا ناوخۆی هەرێم ڕووبەڕووی جۆرێک لە چەقبەستوویی سیاسی بووەتەوە، هیوادارم وەک چۆن بارزانی لە ئاستی ناوچەیی خاوەنی دەسپێشخەرییە، بە هەمان شێوە بڕیار و هەنگاوی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بەو دابەشبوونە سیاسییە هەبێت کە لە ناوخۆی باشووری کوردستاندا هەیە.
قائید میرۆ