هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی هەولێر بە چڕی بەردەوامن و تا کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ پڕۆژەکە بە تەواوی دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە، جەختیشی کردەوە کە بەمە کێشەی کەمئاوی لە چەندین گەڕەکی دەوروبەری پایتەخت چارەسەر دەبێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''تاوەکو ئێستا ٨٥٪ـی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر تەواو بووە. لە کۆی ٤٢٠ کیلۆمەتر درێژیی تۆڕەکە، ٣٦٠ کیلۆمەتری دانراوە و تەنیا ٦٠ کیلۆمەتری ماوە ببەسترێتەوە بە هێڵی سەرەکیی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو.
سەبارەت بەو گەڕەکانەی کە هێشتا ئاویان پێنەگەیشتووە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی، ''دوو هێڵی سەرەکی ماون کە دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی دوو و سێ، لە ئایندیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن. هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەکەش بۆ زیادکردنی ٧٪ـی کارەکان دەگەڕێتەوە، کە ئەگەر ئەو زیادکردنە نەبوایە، ئێستا پڕۆژەکە بە تەواوی کۆتایی هاتبوو.
پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر کە بە گوژمەی ٢٥ ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای (کەی وەن)ـەوە جێبەجێ دەکرێت، تەواوکەری پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرایە. ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە ڕێگەی ڕاکێشانی هێڵی تیرە ١٢٠٠ ملمی و ٨٠٠ ملمی لەسەر شەقامەکانی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری.
ئەم پڕۆژەیە کە بەردی بناغەکەی لە ٢٠ـی شوباتی ٢٠٢٥ دانرا، یەکێکە لەو دەیان پڕۆژە ستراتیژییەی حکوومەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێی دەکات. بە تەواوبوونی لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی هەولێر ڕێکدەخرێتەوە و کوالێتی و بڕی ئاوی گەیشتوو بە ماڵان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
عەلی بانیشاری