ھەولێر-KDP.info- بهشی ڕۆشنبیری و ڕاگهیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی ئەندامان و نووسەر و ئەدیبانی کوردستان دەکات.
پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بۆ یەکێتیی نووسەرانی کورد
بەڕێزان لە یەکێتیی نووسەرانی کورد
بەبۆنەی (٥٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی ھێژا و تەواوی ئەندامانی ئازیز و نووسەر و ئەدیبانی کوردستان دەکەین، ئاواتەخوازین وەک ھەمیشە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەت وشەی ڕەسەنی کوردیدا بن.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لە ساتەوەختی دامەزراندنییەوە تا ئێستا وەک ڕێکخراوێکی تێکۆشەر و بەھەڵوێست، ھەردەم لەگەڵ ھێڵی شۆڕش و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و لە خزمەت بواری ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی و کولتووری کوردیدا بووە، بەدرێژایی تەمەنی کۆکەرەوەی قەڵەمە بەهەڵوێستەکان بووە، لەو پێناوەشدا پۆلێک شەھیدی نەزری نیشتمان کردووە، کە لەم یادە پڕمانایەدا بە نەوازشەوە یادیان دەکەینەوە و لە ئاست بەرھەمی تێکڕای نووسەرانی کوردیشدا ڕێز دەنوێنین.
بە ڕێز و پێزانینەوە، دەڕوانینە کاروانی خەباتی درەوشاوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ڕۆڵی باڵای نووسەر و ڕۆشنبیرە نیشتمانپەروەرەکانمان، و ئومێدەوارین هەمیشە سەرکەوتووبن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠ـی شوباتی ٢٠٢٦