Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: خەڵکی کوردستان و پارتی پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبیر ناکەن

سلێمانی-KDP.info- بەبۆنەی ٤٧ەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بەشداریی مەراسیمی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیان کرد و جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییە مێژوویی و هاوسێیەتییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، بە یاوەریی ساناو فەریدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و شاندێکی هاوڕێیان، بەشدارییان لە مەراسیمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

شاندی پارتی لەلایەن محەممەد مەحموودییان، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لە وتەیەکدا، عەلی حوسێن وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی، تیشکی خستە سەر پێگەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هاوسێیەکی گرنگ و ڕایگەیاند، ''خەڵکی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاری و پشتیوانییەکانی گەل و دەوڵەتی ئێران لەبیر ناکەن. ئێمە هەمیشە بە چاوی ڕێز و سوپاسەوە لەو دۆستایەتییە دەڕوانین، کە لە بوارەکانی فەرهەنگی، ئابووری و سیاسییدا ڕۆڵی بەرچاویان لە پشتیوانیکردنی کوردستاندا هەبووە.

لای خۆشیانەوە، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتارێکدا بەبایەخەوە باسی لە پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی دۆستایەتی و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو گەلی دراوسێ کردەوە. مەڕاسیمەکە کە ژمارەیەکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومی تێیدا ئامادە بوون، بە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر کۆتایی هات.

بەرهەم شێخ عزەدین