ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ سێشەممە 2/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەلی ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ، لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی ژمارەیەک لە بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەشدارن لە هەردوو پڕۆژەی هەژماری من و ئی پسوولە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە باشترکردنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی کارکردن و هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکیی ناوەندیی عێراق و ئەوبانکانەدا کرا کە لە هەردوو پڕۆژەکەدا بەشدارن.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی و تیمەکەی کرد بۆ کارئاسانی و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری پێشخستنی سیستەمی بانکیدا .
سەرۆکی حکومەت هەروەها ستایشی چاکسازییەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی کرد بە ئامانجی کاراترکردنی و باشترکردنئ سیستەمی بانکی لە عێراقدا.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، وێڕای ستایشکردنی دیدگای سەرۆکی حکومەت لە بواری چاکسازی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ، ئامادەیی هەموو هاوکاریی و هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.