هەولێر-KDP.info- لە هەنگاوێکی مرۆیی ستراتیژیدا و وەک وەڵامێکی نەتەوەیی بۆ پێویستییە بەپەلەکانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغێکی نوێی کاروانە فریاگوزارییەکانی گەیاندە ناوچەکە. ئەم هەڵمەتە کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری و لەسەر فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوەدەچێت، جارێکی تر جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەڵایەکی مرۆیی، لە کاتە سەختەکاندا پشت و پەنای لێقەوماوانە.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ناردنی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پڕۆسەیەکی بەردەوامە و ناوەستێت."
ئاماژەی بەوەش دا، دوای ئەوەی پێشتر ٣٣٧ بارهەڵگر گەیەنرابوونە شوێنی مەبەست، کاروانێکی نوێی هاوکاری کە لە ٣٦ بارهەڵگر پێکهاتووە ڕەوانە کرا، بەوەش کۆی گشتیی هاوکارییەکان گەیشتە نزیکەی ٤٠٠ بارهەڵگر. ئەم هاوکارییانەش بڕبڕەی پشتی پێداویستییە ژیانییەکان و کەلوپەلی فریاگوزاریی ئەو خێزانانە پێکدەهێنن کە بەهۆی بارودۆخی سووریاوە ئاوارە و بێپەنا بوون.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چالاکییانە تەنیا کارێکی خێرخوازیی سادە نین، بەڵکو وەرگێڕانی کردەییی ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانییە بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤی کورد لە هەر کوێ بێت.
موسا ئەحمەد گوتی: "لە یەکەم چرکەساتی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە، فەرمانی سەرۆک بارزانی ڕوون و بێ دوودڵی بوو: 'دەبێت دەستبەجێ هاوکارییەکان بگەن'. پەیامی ئێمە نەگۆڕە؛ تا ئەو کاتەی تاکێکی کورد لە ڕۆژئاوا پێویستی بە ئێمە بێت، تیمەکانمان وەک قەڵغانێکی مرۆیی لە مەیدانەکەدا دەمێننەوە."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە سەرسامییەوە باسی لەو یەکگرتووییە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە "ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتگیریکردنی یەکتر، نموونەیەکی بێوێنەیە کە لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا هاوشێوەی نییە." ئەم پاڵپشتییە جەماوەرییە بووەتە هاندەرێکی مەزن بۆ تیمە مەیدانییەکان تا لە سەختترین هەلومەرجدا گوزەری مرۆیی بۆ ناو دڵی ئاوارەکان بکەن.
ئەم کاروانە مرۆییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تەنها گەیاندنی خۆراک و دەرمان نین، بەڵکو پەیامێکی سیاسی و مرۆیی قووڵن، کە تێیدا هەرێمی کوردستان نیشانی دەدات لەژێر سێبەری ڕێبازی بارزانی و بە بێ گوێدانە سنوورە دەستکردەکان، مرۆڤدۆستی و برایەتی نەتەوەیی تاکە پێوەرن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا.
قائید میرۆ