Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ KDP: ئەم پڕۆژەیە دیدگای سەرۆک بارزانییە

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەشەپێدانی زمانی دایک لە تاراوگە، وەزارەتی پەروەردە بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، پڕۆسەی دابەشکردنی ٦٠٠٠ کتێبی خوێندنی بە شێوەزاری لاتینی لە ئەوروپا دەستپێکرد.

د. ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە جێبەجێکردنی دیدگای سەرۆک بارزانییە کە هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە: "زمان ناسنامەی نەتەوەکەمانە و پێویستە منداڵانی کورد لە ئەوروپا فێری زمانی دایک بکرێن."

بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، مەنهەجێکی یەکگرتووی خوێندن بە شێوەزاری لاتینی بۆ کوردانی تاراوگە (بەتایبەت کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا) دابین دەکرێت. گرنگترین خاڵەکانی ئەم دەستپێشخەرییە ئەمانەن، کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی مەنهەجەکان و دابینکردنی کتێبی زانستی و پەروەردەیی هاوچەرخ، پڕۆژەکە ٢٧ قوتابخانە لە ١٣ دەوڵەتی جیاوازی ئەوروپا دەگرێتەوە، كە ژمارەی قوتابیان لە ٣٠٠ کەسەوە لە ساڵانی ڕابردوو، بۆ ٢٥٢٥ قوتابی لەمساڵدا بەرزبووەتەوە.

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی وەک سوید و ئەڵمانیا ڕێگەیان داوە وانەی کوردی بچێتە نێو سیستەمی پەروەردەییان و لە وڵاتێکی وەک بەلجیکاش خواستی دایک و باوکان بۆ فێربوونی زمانی دایک لە هەڵکشانی بەردەوامدایە، بە جۆرێک کە نەک تەنها منداڵان، بەڵکو گەورەکانیش ڕوویان لە فێربوونی زمان کردووە.

 

عەزیز ڕەسوڵ