Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.محەمەد شوکری: کۆمپانیاکانی سعودیە دەیانەوێت لە ھەرێم وەبەرھێنان بکەن

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی "شاندێکی کۆمپانیاکانی سعودیە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێمەش ھاوکاری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین." 

د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و سعودیە ئەنجامدرا، ١٧ کۆمپانیای سعودیە لە هەموو بوارەکان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردبوو، وەکو وزەی نوێبوونەوە و پیشەسازی و گەشەپێدانی خانوبەرە و خۆراک و بواری دیکە لەگەڵ وەبەرھێنەر ی ھەرێم کۆبوونەوە، تا ئێستا چوار کۆمپانیایان لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، دوو پڕۆژەی وەبەرھێنانیان ھەیە و ٢٠٠ بڕاندی سعودیە لە بواری بازرگانی لە ھەرێم تۆمار کراون و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەرێم و سعودیە ھەیە، ئێمە جبسیان بۆ ڕەوانە دەکەین، ئەوانیش کەلوپەلی پاککەرەوە ەوانە دەکەن." 

د.محەمەد شوکری گوتیشی "کار دەکەین بۆ ئەوەی سعودیە وەبەرھێنانی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، پیشەسازی ھەمەجۆرمان ھەبێت و کەرتەکانی ئابووری زیاد بکەین، بۆ ئەوەی سەرمایەی زیاتر لە ھەموو بوارەکانی ئابووری لە ھەرێم ھەبێت، کار دەکەین بۆ ھێنانی وەبەرھێنەری زیاتری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان و ھاوکاری و ئاسانکاری زیاتریان بۆ دەکەین." 

 

بڵند ئیبراھیم