Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود ئێزدی بۆ KDP: خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکان ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانییە

مووسڵ-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا ڕایگەیاند، کە خزمەتکردنی دانیشتووانی پارێزگاکە بەبێ جیاوازی، لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە و ئەمەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و دیدگای سەرۆک بارزانییە بۆ پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.

مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند: "پارتی لە پارێزگای نەینەوا کار بۆ خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتییان دەکات. هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان مەکتەبی ڕێکخستن و پارێزگاری نەینەوا، جێگران و تەواوی فەرمانگەکاندا هەیە، بە مەبەستی گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی ناوچەکە بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی."

ئێزدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە پارتی هەمیشە لە ناو پێکهاتە جیاوازەکانی نەینەوادایە و لە خۆشی و ناخۆشییەکانیاندا هاوبەشە. گوتیشی: "خزمەتکردنی خەڵکی نەینەوا بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانییە. ئێمە تەنانەت هاوکاری ئەو برا عەرەبانەشمان دەکەین کە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە گوندەکانیان خاپوور کراوە، و کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانیان."

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن جەختی لەوە کردەوە کە پارتی جێگەی ڕەزامەندی و متمانەی هەموو پێکهاتەکانە، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ڕەنگی دایەوە کە پارتی توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەستبهێنێت.

مەحموود ئێزدی هۆکاری ئەم متمانە زۆرەی بۆ هەڵوێستە مێژووییەکانی سەرۆک بارزانی گەڕاندەوە و گوتی: "خەڵکی نەینەوا بە ئەمەکەوە سەیری هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی دەکەن، چ لە کاتی تێکشکاندنی داعش و پاراستنی ناوچەکە، یان لە کاتی نه‌هامه‌تییه‌كاندا کە هەمیشە یەکەم کەس بووە بە هانای خەڵکی پارێزگاکەوە هاتووە."

 

قائید میرۆ