Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی دیکەی ئاو جێبەجێ دەکات

بەردەڕەش -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش دەڵێت، بە گوژمەی زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دینار، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی بەردەڕەش دەستی بە کارەکانی کردووە، کە بە ٨٠ ئامێر لە ١٠ شوێن کار دەکرێت.

ئەندازیار ڕێبەر نازم خورشید، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دوای ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکان لە ھەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە ٤٠٠ملیار دینار دەستی بەکارەکانی کرد، ئێستا لە ١٠ شوێن بە ٨٠ ئامێر بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە سەر زێی گەورە و بە دووری ٢کم لە گوندی دالەڕێ دروستدەکرێت و پێکدێت لە وەرگری ئاو و وێستگەی پاڵاوتنی ئاو، ٣٩ عەمباری ئاویشی بە قەبارەی جیا جیا بۆ دروستدەکرێت بۆ گەیاندنی تۆڕی ئاو بۆ قەزا و ناحیەکان و گوندەکان کە زیاتر لە ٩٥ گوند دەبێت."
ئەندازیار ڕێبەر نازم خورشید گوتیشی "سەرەڕای وەرزی زستان و ھاتنی بارانی بەردەوام کۆمپانیا بەردەوامە لە کارکردن و زۆر بەخێرایی کار دەکەن، بڕیارە تا ساڵێک و ٥ مانگ پڕۆژەکە تەواو بکرێت کە ماوەی دوو ساڵی بۆ دانراوە، بەڵام کۆمپانیا زۆر جدییە و دەیەوێت بەزووترین کات پڕۆژەکە تەواو بکات، بەتەواوبوونی پڕۆژەکەش ٢٥٠ بیری ئاوی خواردنەوە دادەخرێن و ھیچ بیرێک نامینێت و بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لەو پڕۆژەیە وەردەگرین."

بڵند ئیبراھیم