Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری بەنداوەکان بۆ KDP: ژێرخانی ئاوی هەرێم گەیشتووەتە ئاستێکی نموونەیی

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورە لە ئاستی یەدەگی ئاوی هەرێم ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەمساڵ، ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستانیان بۆ قۆناغێکی دڵنیایی بەرز گواستووەتەوە.

ئەندازیار ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئاستی گلدانەوەی ئاو لە هەندێک ناوچەدا بە ڕێژەی ٢٠٠٪ زیادی کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێژەی دابارین لە ناوچە جیاجیاکاندا گەشەی نێوان (١٠٠٪ بۆ ٢٠٠٪)ی تۆمار کردووە، کە ئەمە یەکێکە لە ئامارە دەگمەنەکانی ساڵانی ڕابردوو.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان تیشکی خستە سەر دۆخی مەیدانیی کۆگاکانی ئاو و ڕایگەیاند، بەهۆی چڕی بارانبارینەوە، ژمارەیەک بەنداوی گرنگ گەیشتوونەتە دوا قۆناغی کۆگاکردن و سەرڕێژیان کردووە، لەوانە:

بەنداوەکانی سنووری گەرمیان و سلێمانی.

بەنداوی کۆیە لە پارێزگای هەولێر.

بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆک.

خانی پێشبینیشی کرد کە لەگەڵ بەردەوامیی دابارین، بەنداوەکانی دیکەی هەرێمیش بگەنە بەرزترین ئاستی گلدانەوەی خۆیان.

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان خاوەنی ٣ بەنداوی ستراتیژی گەورە و ٢٢ بەنداوی بچووک و مامناوەندە. بەڕێوەبەری بەنداوەکان جەختی کردەوە کە ئەم زیادبوونە لە یەدەگی ئاو، چەندین دەستکەوتی ستراتیژی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەستەبەر دەکات، لەوانە:

بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ: دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی پێویست بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان.

بەرزکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی: کاریگەریی ئەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر زیادکردنی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی.

پاراستنی ژینگە: باشترکردنی کوالێتی ژینگە و بوژانەوەی سیستەمی ئیکۆلۆژی لە هەرێمی کوردستان.

بڵند ئیبراهیم