Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدولڕەحمان سدیق باسی دەسکەوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکان دەکات

ھەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، باسی بەشێک لە دەسکەوتانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەشداریکردنی لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە ئیمارات دەکات و دەڵێت "ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بەشێک بووە لە سەقامگیریی ناوچەکە لە ڕابردوو و ئێستا و لە داھاتووشدا  ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە داڕشتنی دیدگای ھاوبەش بەرەو گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ھەمووان."

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "لە لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وێڕای خستنەڕووی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرۆسەی چاکسازی و بواری فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات، گەشەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی و ئاسانکارییکردن بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، دەسکەوتی گرنگی بۆ ھەرێمی کوردستان دەستەبەرکرد، یەکێک لەو دەسکەوتانە بریتی بوو لە پلاتفۆرمی یاسایی کە بڕیارە لەم نزیکانە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، وەک بەشێک لە بڕگەکانی ئەو یاداشتنامەی لەیەکتێگەیشتنەی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات واژۆ کراوە."

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی "دەسکەوتێکی دیکەی بەشدارییەکەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی بەڕێزیان بوو لەگەڵ وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، بەمەبەستی بەھێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ژێرخان و وزە، بە تایبەتیش وزەی کارەبا کە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی لەم بوارە هەیە کە پڕۆژەی ڕووناکییە، ئێستاش لە ھەوڵی زیاتر پەرەپێدان و پێشخستنیەتی بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ تەواوی ھەرێمی کوردستان تا کۆتایی ئەمساڵ."

گوتیشی "بڕگەیەکی دیکەی بەشدارییەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکان، ھەماھەنگیی بوو لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئیمارات، کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات لەبوارەکانی وزەو سامانە سروشتییەکان و تەکنەلۆژیادا.
تەوەرێکی گرنگی دیکەی بەشدارییەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لووتکەی جیھانیی حکوومەتەکان، پیشاندانی گرنگیی پێگەی ستراتیژیی ھەرێمی کوردستان بوو وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە ھاوکێشە ھەرێمی و جیھانییەکان و تەئکیدکردنەوە کە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بەشێک بووە لە سەقامگیریی ناوچەکە لە ڕابردوو و ئێستادا،   لە داھاتووشدا ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە داڕشتنی دیدگای ھاوبەش بەرەو گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ھەمووان."

بڵند ئیبراھیم