ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "دوای دەرچوونی بڕیاری پێدانی زەوی بە مووچەخۆرانی گرێبەست، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت و سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە پرۆسەکە دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەم مانگە سمینارێک بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان سازدەکرێت."
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دوای دەرچوونی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر مووچەخۆرانی گرێبەست و بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، لە ١٦ی ئەم مانگە سمینارێک بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری پڕکردنەوەی فۆڕم بن، پێشتر زۆر ھەڵە ھەبوو دەمانەوێت ئەو ھەڵانە دووبارە نەبنەوە و لە ماوەیەکی کەم دەست بە پرۆسەکە بکەین، جگە لەوە داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە، لیستی گرێبەستەکان ئامادە بکات بۆ ئەوەی بزانین چەندیان وەرگرتنی زوی دەیانگرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە وردبینیکردنی ناوی گرێبەستەکان بکەین، بۆ ئەوەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و زەوییان پێ بدرێت."
سەربەست مەولود گوتیشی "بەپێی ڕێنماییەکان، پێویستە ئەوانەی لە زەوی وەرگرتن سودمەند دەبن خزمەتی ھەشت ساڵی گرێبەستییان ھەبێت و پێشتر زەوییان وەرنەگرتبێت، لە دوو ھاوسەریش یەکیان زەوی وەردەگرێت.
ئەوەی پێشتریش خزمەتی کردووە، بۆ نموونە وەکو وانەبێژ، ئەوەیان بۆ حیساب ناکرێت بەڵکوو لەو کاتەوەی بوونەتە گرێبەست بە خزمەت حیساب دەکرێت، بۆیە ھەرکاتێک لیستمان بۆ ھات ئەوکات دیار دەبێت چەند گرێبەست زەوی وەردەگرن، ھەوڵ دەدەین بەزووترین کات ڕێکارەکان تەواوبکەین و زەوی خۆیان وەربگرن."
بڵند ئیبراھیم