هەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک وەفایەک بۆ قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە و بە مەبەستی بەڵگەنامەییکردنی مێژووی بەرگریی نەتەوەیی، پەرتووکێکی نوێی نووسەر لیوا (بەهجەت تەیمەز سێلکی) بە ناونیشانی (پراکاندنی ئەفسانەی خەلافەتی هوڤانە) بڵاو کردەوە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە، ٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٤ـی ئێوارە، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە هۆتێل ڕامادە لە شاری هەولێر، لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتییەوە پەرتووکەکە بناسێندرێت. ئەم بەرهەمە هەوڵێکی زانستی و جیدییە بۆ ئەرشیفکردنی داستانەکانی پێشمەرگە و پاراستنی ڕاستییە مێژووییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لیوا بەهجەت تەیمەز سێلکی، سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەرهەمەکەی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لەم پەرتووکەدا بە وردی تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەریی هێزەکانی پێشمەرگە بەسەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی ئەو خەونە ترسناکانەی هەڕەشەیان لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەکرد.
لیوا بەهجەت ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئەرکی لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی گرتووەتە ئەستۆ، تاوەکو وردەکارییەکانی تێکشکاندنی گەورەترین هەڕەشەی تیرۆر لە جیهاندا وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو بمێنێتەوە. لە ئێستادا پەرتووکەکە کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران و توێژەرانی بواری مێژووی سەربازی و سیاسی.
