Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی حکوومی پەیامی پیرۆزبایی مەسروور بارزانی دەگەیەنێتە یەکگرتووی ئیسلامی

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، ٧ـی شوباتی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵا بە نوێنەرایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد و پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیرانیان گەیاندە ئەمینداری گشتیی.

شاندەکە پێکهاتبوو لە د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری. لەلایەن سە‌ڵاحە‌دین محەمەد بەهائەدین، ئە‌مینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یە‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە پێشوازیی گەرمیان لێ کرا.

شاندەکە وێڕای گەیاندنی سڵاو و پیرۆزبایی ڕێزدار مەسروور بارزانی، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ یەکگرتووی ئیسلامی خواست. نوێنەرانی سەرۆکی حکوومەت ئومێدیان خواست کە یەکگرتووی ئیسلامی وەک هەمیشە لە پاراستنی ڕۆڵی میانڕەوانەی خۆی بەردەوام بێت و هەوڵەکانی بە ئاراستەی پتەوکردنی یەکڕیزی، تەبایی و یەکترقبوڵکردن بێت لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا.

لەلایەن خۆیەوە، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی سوپاس و پێزانینی خۆی و حزبه‌كه‌ی بۆ ئەم بەسەرکردنەوە و پەیامی پیرۆزباییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان کردەوە.