Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمساڵ هەولێر میوانداریی دوو كۆنفڕانسی جیھانی و ناوخۆیی دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەمساڵدا میوانداریی دوو کۆنفڕانسی گەورەی ئابووری دەکات، کە ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانییە بۆ ناوچەکە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لەمساڵدا دوو کۆنفڕانسی گەورەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن. کۆنفڕانسی یەکەم کە ئاستێکی ناوخۆیی و هەرێمی هەیە، تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر کێشە ئابووری و داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. مەبەستمانە لە ڕێگەی ئەم کۆنفڕانسەوە و بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ، چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئاستەنگەکان بدۆزینەوە.

سەبارەت بە کۆنفڕانسی دووەم، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی دەبێت و گوتی، ''دەمانەوێت بازرگان و کۆمپانیا بیانییەکان لە نزیکەوە ڕەوشی هەرێمی کوردستان ببینن. ئامانجمان ئەوەیە بۆچوونی پسپۆڕانی جیهانی لەسەر بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان وەربگرین و هانیان بدەین وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمدا بکەن.

گەیلان حاجی سەعید ڕوونی کردەوە کە یەکێک لە کۆنفڕانسەکان لە ناوەڕاستی ئەمساڵ و ئەوەی دیکە لە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوە دەچن. جەختیشی کردەوە کە، بەشداریی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەم کۆنفڕانسانەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر گەشەپێدانی کەرتی بازرگانی و بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

 

قائید میرۆ