ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ ڕایگەیاند، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەت و بێوێنە بە یادی نەورۆز لە ئاکرێ دەدات و بڕیارە ئەمساڵ یادەکە بە شێوەیەکی فەرمی و زۆر فراوانتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە بچێت.
ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، ئاکرێ وەک پایتەختی نەورۆز ناسێندرا، ئێستا بایەخێکی زۆر بە ژێرخانی گەشتیاریی شارەکە دەدرێت. شوێنی سەرەکیی یادەکە لە (سەرێ گری) جوانکاری و فراوانکاریی بۆ دەکرێت، خزمەتگوزاریی زیاتری بۆ دابین دەکرێت و گەراجی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلی گەشتیاران دروست دەکرێت.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ یادەکە جیاواز دەبێت، چونکە ناکەوێتە ناو مانگی ڕەمەزان و هاوکات دەبێت لەگەڵ جەژنی ڕەمەزاندا. گوتیشی، ''پارساڵ سەرەڕای مانگی ڕەمەزان، ٨٨ هەزار گەشتیار تەنیا بۆ نەورۆز هاتبوونە ئاکرێ، بەڵام بۆ ئەمساڵ چاوەڕوانی گەشتیارێکی یەکجار زۆر لە هەموو وڵاتان دەکەین، بەتایبەت کە ساڵانە سەرۆکی حکوومەت و باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان بەشدار دەبن.
ئاشکراشی کرد کە پڕۆژەیەکیان پێشکەش بە حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی یادی نەورۆز لە ئاکرێ لە یەک ڕۆژەوە بکرێتە کەرنەڤاڵێکی یەک هەفتەیی، تاوەکو چالاکیی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام بدرێت و سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی زیاتر ڕابکێشرێت.
پڕۆژەی ستراتیژیی ٤٤٦ دۆنمی سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە دەڤەرەکە، ئەمین سەلیم ڕایگەیاند، ''پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر ڕووبەری ٤٤٦ دۆنم زەوی لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە وەرچەرخانێکی گەورە لە ڕێژەی گەشتیاران دروست دەکات، پارساڵ ٥٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی ئاکرێیان کردووە، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە، ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر هەڵدەکشێت.
بڵند ئیبراهیم