Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر چۆڵکردنی باڵەخانەی عەنکاوە ڕادەگەیەنێت

​هەولێر-KDP. info-  کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، تەواوبوونی پڕۆسەی چۆڵکردنی باڵەخانە کۆنەکەی ڕادەگەیەنێت، کە بەمەش کۆتایی بە زیاتر لە چواردە ساڵ هاوبەشی لەگەڵ شارۆچکەی عەنکاوە هات.

​لە کاتێکدا بەڕێوەبردنی گەڕەکەکە لە ١ی شوباتی ٢٠٢٦ـەوە ڕادەستی شارەوانی و خاوەن موڵکەکان دەکرێتەوە، کونسوڵخانەی ئەمریکا سوپاسگوزاریی خۆی بۆ قایمقام نەبەز و ستافەکەی دەردەبڕێت بۆ پشتیوانییە پڕبایەخەکانیان. هاوکاریی ئەوان یارمەتیدەر بوو بۆ گەڕاندنەوەی گەڕەکەکە بۆ دۆخی پێشووی و ڕێگەخۆشکردن بۆ خێزانەکان تا بگەڕێنەوە و گەشە بکەن. ئەم ڕادەستکردنەوەیە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە دوولایەنەیە ئەنجام درا کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ واژۆ کراوە و دەرخەری هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان کونسوڵخانە و شارەوانییە.
​لەسەر داوای شارۆچکەی عەنکاوە و بەپێی ڕێککەوتنەکە، کونسوڵخانە ژێرخانی کارەبا و هەندێک پێداویستیی تری وەک پەرژینی ئەمنی و دیواری کۆنکرێتی بۆ بەکارهێنانی شارەوانی بەجێدەهێڵێت. لە ١ی شوباتەوە، کۆنتڕۆڵی دەروازەی بەرامبەر بەنزینخانەی بابل ڕادەستی شارۆچکەکە دەکرێتەوە و کردنەوەی ڕێگاکانی تریش بەو جۆرە ئەنجام دەدرێن کە لەلایەن شارەوانییەوە دیاریکراون.
​لە ١ی شوبات و ڕۆژانی دواتردا، خاوەن موڵکەکان دەستڕاگەیشتنی تەواوەتییان بۆ موڵک و خانووەکانیان دەبێت. بەرپرسیارێتیی ئاسایشی گەڕەکەکەش ڕادەستی پۆلیس و ئاسایش دەکرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی دەبنە مایەی ئەوەی خاوەن موڵکەکان دەستیان بە موڵکەکانیان ڕابگات.
​کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا پێزانینی بۆ چەندین ساڵ کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵ عەنکاوە هەیە و هیوادارە لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییە بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت.